هـــــه‌واڵنێـــــــر

بۆ رۆژهەڵات-تایبه‌ت

وەرگێران لە فارسیەوە : هێژا مەنگوڕ

محەمەد سدیق کەبودوەند: بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان:

چەند مانگ لەمەوبەر لە جەریانی راگەیاندنی حوکمی زیندانی من، یەکێک لە وەکیلەکانم لە وتووێژێکدا لەگەڵ رادیۆی دۆیچ وێلێی ئاڵمان وتبوی ، نازانم بۆچی...کەبودوەند ئەو هەمو بەد شانسیە دێنێت. ئەو بەراستی بێتاوانە. بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا و لە رۆژنامەکاندا بە هیچ شێوە نێوی نەهات...ئەو زوڵمی لێکراوە...من سپاسی ئەو وەکیلە بەرێزە دەکەم بەڵام خۆی کە بۆ رۆژنامەکانی نزیک لە ریفۆرمخوازان شت دەنوسێت، لە دادگا ئامادە نەبوە و پارێزگاری نەکردوە و تەنانەت لە رێکو پێک کردنی پارێزنامەکەدا هیچ شێوە هاوکاریەکی ئێمەی نەکرد. بەڵام لەبارەی بایکۆتی من وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگەی سەرکوت کراوی کورد و کەسێکی سەربەخۆ هێندێک قسەم بۆ وتن هەن؛

سەرەتا دەبێ بڵێم کە دامەزراوەی ئاپارتایدی سیاسی و داد و راگەیاندن لە وڵاتی ئێران دا حوکم دەکات کە سنورەکەی ئەم لایەنانە دەگرێتەوە؛ نەتەوەکانی ناو ئێران، کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینیەکان، ئەوانەی دژایەتی سیاسی حکومەت دەکەن ، ئەوانەی بە دوای ماهیەتی خۆیان دا دەگەرێن، نارازیانی حکومەت،ئەوانەی رخنەی جیددی لە حکومەت دەگرن.

دوهەم ئەوەیە کە ؛ خەلکی کورد لە ئێران دا پەراوێز خراو ئەوەش رون و ئاشکرایە بۆ؟ چونکە گەلی کورد چالاکی سیاسی و تێکۆشانی مەدەنی چەندین سالەی هەیە و بۆیە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ژێر تیغی ئاپارتایدی حکومەت دا خۆی دیوەتەوە.خوازیارانی مافی چارە نوسین و هەق خوازان و ئازادی خوازان وچالاکانی سیاسی و سڤیلی گەلی کورد ، بە شێوەیەکی گشتی مۆرکی جیاخوازیان لێدەدرێت و سەرکوت دەکرێن و دەرەتانیان نیە و قوربانی دەستەڵاتی ئەو ئاپارتایدەن.

سێهەم ئەوەیە کە؛ کۆر و کۆمەڵی نزیک لە دەستەلات بە ناوی پارێزگاری لە خەڵک و چالاکانی سڤیل یان چینێکی تایبەت و زیندانیانیش ، هێندێک چالاکیان هەن کە لە سایەی بەرەکەتی جەریانە سیاسیەکانی دەستەڵاتدار و هەروەها راگەیاندنی سەر بە حکومەت هەلێکیان بۆ رەخساوە. بەڵام ئەو کۆڕ و کۆمەڵانە لە جیات پارێزگاری لە مافی زوڵم لێکراوان و زیندانیانی سڤیل و سیاسی کە بێتاوان لە زیندانی کراون، هەرجار نا جارێک خەڵات و رێزلێنانێک لە زیندانبانەکان وەردەگرن ، هەڵبەتە بە پەیرەوی کردن لەو شتانەی کە فێرکراون. شێوەکانی سیاسەتی جیاوازی دانانی دەستەڵات و دابەش کردنی یارمەتیخوازان بە دو دەستەی ، کێ لەخۆمانە و کێ لەخۆمان نییە و هەروەها ئەو کەسانەی کە بە رەواڵەت دەیان هەوێ یارمەتیان بدەن، لە کەس شاراوە نییە. هەڵسوکەوتی جیاوازی دانانی ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی نزیک لە حکومەت کە دەیان هەوێ بە رەواڵەت پارێزگاری لە زیندانیان و چالاکانی سیاسی وسڤیل و مافی مرۆڤ بکەن ،بێدەنگی ئەوان لە ئاست پێشێلکاریەکانی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەستەڵات، ئەوە دەسەڵمێنێت کە لە بنەرەتدا جەوهەر و ماهیەتی ئەوان لەوانەیە دروستکراوی دەستی خودی دەستەڵات بێت.

چوارەم ئەوەیە کە؛ پارێزگاری کردن لە مافی تاکە کەسێک بەراستی تراژیدیایە لە حاڵێکدا کە ( پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجە و زیندان و لە سێدارەدانی هەزاران بێتاوان لەو پەری خۆی دا لە ئارا دایە). ئەوان دەلاقەیەکی جێگای نیگەرانی و بێهیوایی لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا نیشانی خەڵک دەدەن و لە بەرامبەر بریاری هێندێک دامەزراوەی ناوچەیی و جیهانی و لەوانە یەکیەتی ئەوروپا ، کە کەسێک یان کەسانیک دەکێشنە پای مێزی محاکمە ،هەڵوێست دەگرن، بەڵام لە ئاست پێشێلکاریە بێشەرمانە و ئاشکراکانی هێندێک کەسانی تر دەنگیان لێوەنایەت. بەم شێوە ئیدە و دەستەڵاتە ، رێنوێنی بزونتەوەکانی جیهانی و مافی مرۆڤ دەکات.

پێنجەم ؛ تێکۆشەرانی سەربەخۆی سڤیل و سیاسی ومافی مرۆڤ بە هوەی سەربەخۆیی فکری و کردەوەکانیان لە لایەن گوێ لەمستان و ئەوانەی لە دورەوە چیلکەیەک دەئاور وەردەدەن، تاوانی ناڕەوا وبێ بنەمایان دەخرێتە پاڵ. کە ئەم شێوە تاوان خستە پاڵانە، کردەوەیەکی زاڵمانە و پێشێلکاری بێ ئەملاو ئەولای مافەکانی مرۆڤە و هەر بۆ بێ بایخ کردنی مافی مرۆڤیش ئەو کارانە دەکرێن. وە ئێستاش گوێبیستی ئەوە دەبین کە هێندێک بە رەواڵەت رخنەگران و دژەبەرانی حکومەت،لە کاری ئەمنیەتی و دادوەری دا پێشەنگیان لە دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ستاندوە و منیان وەک جیایی خوازی تاوانبار کردوە.لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە دەزگاکانی زۆرداری ئیتلاعات و ئەمنیەت ئەگەر بەڵگەیەکیان سەبارەت بە جیای خوازی من لەبەر دەست دابایە بێ شک بۆ تاوانبار ناساندنی من کەڵکیان لێوەردەگرت.بەڵام پێموایە هەر ئەو دەزگا زۆردارانە بە ئینساف تر بونە لەو کەسانەی کە بەم دوایانە تاوانی ئاوام دەخەنە پاڵ و بە داخەوە لەگەل ئەلف و بێی مافی مرۆڤ و دێموکراسی بێگانەن.

حوکمی من کە لە لایەن وزارەتی ئیتلاعاتەوە دراوە و ئیمزای دەزگای بە ناو شۆرشی لەسەرە، بریتیە لە دە ساڵ زیندان بە خاتری پێکهێنانی ئیدارەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و یەک سال زیندان بە خاتری ((تبلیغ)) بە دژی نیزامی ئێران لە رێگای وتووێژ لەگەڵ راگێنەرەکانی دەرەوەی وڵات و شەش مانگیش زیندان بەخاتری هاندان و بەلارێدا بردنی بیر و رای خەڵک لە رێگای بلاڤۆکی ((پیام مردم))،یانی لە سەریەک یازدە ساڵ و نیو زیندان.

هەڵبەتە ئەو حوکمانە هیچ رویەکی قانونی و مافناسی پێوە دیارنییە و من لە راستی دا هیچ تاوانێکم نەکردوە، ئەگەر بێت و من لە دادگایەکی راستگۆ و سەربەخۆ و ئاشکرا و بە ئینساف محاکمە کرابام، نەک تەنیا رۆژێکیش تاوانبار بە زیندان نەدەبوم بەڵکو بە پێچەوانە ،ئەو کەسانەی منیان مەحکوم بە زیندان کردوە،بە جێگای من زیندانی دەکران.بەڵام چون من کوردم ، کوردێک کە باوەری بەوەیە کە نابێ دەستەڵات کەڵک لە هەژاری و نەزانی خەڵک وەرگرێت بۆ حکومەت کردن،کوردێک کە باوەری بەوە هەیە کە، دەبێ هەرکەس مافی خۆی بناسێت و پارێزگاری لێبکات، بۆیە مەترسیدار ناسراوم و دوچاری ئەو سزا زاڵمانە و هەڵاواردنە بومەتەوە، چونکە کوردم و سەربەخۆم، ئەو زوڵمانە لەوانەیە ئەمرۆ ویژدانە خەوتوەکان وەخەبەر نەهێنن ، بەڵام دور نیە ویژدانی گشتی وەخەبەر بێت.

تاران زیندانی ئێوین: 29ی رەزبەر1387/ 20ی ئۆکتۆبر2008

محەمەد سدیق کەبودوەند: بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان



   په‌یوه‌ندی